چەند دیدارێک و سێمینارێک بۆ کاک حەسەن شەرەرفی

دوێنێ، پێکەوە لەگەڵ کاک حەسەن شەرەفی، جێگری سکرتێری حیزبی دێموکرات، دادە پەروانە حەیدەری، نوێنەری حیزب لە سوێد و دادە جەمیلە، نوێنەری حیزب لە کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ لە سوێد، چەندین دیدار و چاوپێکەوتنمان لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی وڵاتی سوێد، حیزبی مودراتی سوێد، ناوەندی نێونەتەوەیی ئولۆف پالمە و کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ ئەنجام دا.

بە دوای ئەم چاوپێکەوتنانە دا حیزبی سوسیال دێموکراتی سوێد، ناواندی نێونەتەوەیی ئولۆف پالمە و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سێمینارێکی بۆ بەڕێز کاک حەسەن شەرەفی بەڕێوە برد لەسەر چەند پرسی پێوەندیدار بە ئێران و کوردستان.

چەند وێنەیەک:


سێمینارێک بۆ کاک حەسەن شەرەفی لە پەرلەمانی سوێد

ئەمڕۆ حیزبی لیبەرالی گەلی سوێد (فۆلکپارتیەت) سێمینارێکی سیاسی بۆ کاک حەسەن شەرەفی، جێگری سکرتێری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە پەرلەمانی وڵاتی سوێد پێکهێنا.

باسەکانی کاک حەسەن پێکهاتبوو لە چوار تەوەری بە یەک گرێدراو، ئەم تەوەرانە بریتی بوون لە (۱) هەڵبژارنەکانی سەرۆککۆماری ئێران لە ساڵی رابردوو دا و هەڵویست و لێکدانەوەی حیزبی دێموکرات لەسەر ڕوداوەکانی دوای ئەم هەڵبژاردنە، (۲) بەرنامەی ناوەکی ئێران و کاریگەری ئەم مەسەلەیە لەسەر خەڵکی ئێران و وڵاتانی ناوچەکە و جیهان، (۳) قودرەتی سپای پاسداران و رۆلی خامنەی وئەحمەدینژاد لە زیادبوونی نفوزی سپای پاسداران، و (٤) روانگەی حیزبی دێموکرات لەسەر داهاتووی ئێران و هاوکاری نێوان ئۆپیزیسێۆئن بۆ بەدیهێنانی دێموکراسی لە ئێران.

تکایە بۆ زانیاری زیاتر لەسەر ئەم سێمینارە چاوەڕوانی ڕاپۆرتی بەشی پێوەندیەکانی حیزبی دێموکرات لە سوێد بکەن.

چەند وێنەیەک لە سیمینارەکە:

کۆنفرانسی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی سوێد

وێنەیەکی من و دۆستی نزیکم کاک عەلی عەبدیلزادە لە ژوری کۆنفرانس

دوێنێ، لە رۆژی کرێکارانی جیهان دا، کۆنفرانسی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی سوێد بەڕێوە چوو. کۆنفرانسەکە یەکجار سەرکەوتوو بوو و باسەکانی نێو کۆنفرانس پڕ نێوەڕۆک و کاریگەر بوون. لە کۆتای کۆنفرانس دا کۆمیتەیەکی بەڕێوەبەری نوێ هەڵبژێردرا بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانی حیزب لە وڵاتی سوێد لە ماوەی ۲ ساڵی داهاتوو دا. هیوای سەرکەوتن بۆ کۆمیتەی بەڕێوەبەری نوێ دەخوازم و دڵنیام لەوە کە بە تەواو هێز و وزەی خۆیان کار بۆ پێشڤەچونی حیزب لە وڵاتی سوێد دەکەن.

سەردانی ماڵپەڕی پێشمەرگەکان بکەن بۆ چەند وێنەیەکی دیکە

ناوی حیزبی دێموکرات

بە کارهێنانی ناوی “حیزبی دێموکرات” لە لایەن ئەو گرووپەوە کە چەند ساڵ لەمەوپێش لە حیزبی دێموکراتی کوردستان ئینشعابیان کرد، چ لە بواری یاسایی و چ لە بواری سیاسییەوە هەڵەیە. نە هۆی ئینشعابەکەیان مەشروع بوو و نە ئوسلووبی کردارەکانیان پاش ئینشعابەکە درووست بووە. لەبەر ئەوەی هۆی ئینشعابەکەیان مەشروع نەبوو، حیزبی دێموکرات، لە گەڵ ئەوەی زۆر هەوڵی دا بۆ ئەوەی ئەو گرووپە جودا نەبنەوە و لە گەڵ دەربڕینی پەژارەی خۆی پاش ڕۆیشتنیان، زۆر گرنگی نەدا بەو قسانە کە دەیانکرد و ئێستاش ده‌یکه‌ن بۆ پاساودان بەو کردارە هەڵانه‌.

حیزبی دێموکرات هەر لە سەرەتاوە دەیزانی کە زوو یان درەنگ، بۆ ڕای گشتی کوردستان ڕوون دەبێتەوە کە ئەوان هیچ دەلیلێکی مەشروعیان نەبوو بۆ ئینشعاب کردن. ناکۆکی بەردەوام لە لێدوان و هەڵوێستەکانیان باشترین بەڵگەن بۆ سەلماندنی ئەم راستییە. سەرەتا ئەوان دەیانگوت مافی بەیانیان لێ زەوت کراوە، بەڵام زۆری پێ نەچوو داوایان کرد وەک “ئوپۆزیسێون” و “کەمینە” لە دەروون حیزبدا بناسرێن و دەسەڵاتیان لەگەڵ دابەش بکرێ. پاشان گوتیان کە دەیانهەوێ لە نێو حیزبدا “رێفۆرم” بکەن، بەڵام دەرەتانیان پێ نادرێ. بەدوای ئەوەدا هەوڵیان دا کە بەرچەسپی “ئێرانچییەتی” لە حیزبی دێموکرات بدەن و خۆیان وەک ناسیۆنالیستی رادیکال بە ڕای گشتی بناسێنین. بەڵام هەموو ئەو ناکۆکییانە و بە تایبەتی هەڵوێستی نادرووستیان لە کاتی پشتیوانی کردنیان لە کەڕوبی و پاش ئاکامی هەڵبژاردن، دیسان بادانەوە بەروە کوردایەتی و بەدوای ئەوەدا سیگنال دان بە کۆماری ئیسلامی کە ئەگەر ئیجازەیان پێ بدرێ، دەگەڕێنەوە بۆ ئێران و لە چۆارچێوەی کۆماری ئیسلامیدا کار دەکەن، بەڵگەی کافین کە ئەم گرووپە هیچ بەرنامەیەکی سیاسییان پێ نییە که‌ بۆ ئەوە ببێ بە جیدی لە بەرچاو بگیردرێ.

لە گەڵ ئەوەی حیزبی دێموکرات پێى ناخۆشە کە ئەو گرووپە، کە شه‌خسیان تێدایه‌ که‌ له‌ مێژێ ئەندامی حیزب بوون، ئاوا هەڵوێستی سیاسی بگرن. گرفتی سەرەکی ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌م گرووپه‌ که‌ ناوی”حیزبی دێموکراتیان” لە سەر خۆیان دانەوە و بە هێندێک دەستکاری بچووکەوە، کەڵک لە لۆگو و سیمبۆلەکانی حیزب وەردەگرن. بە کورتی، گرفت لەوە دایە کە ئەم گرووپە خۆیان وەک حیزبی دێموکرات دەناسێنن.

هەڵبەت ئەوان هەروها دەڵێن کە حیزبێکی سەربەخۆ و جیاوازن، چونکە وشەی “ئێرانیان” لە ناوی “حیزبی دێموکرات” لابردووە. بەڵام کاتێک ڕوو دەکەنە ڕای گشتی كوردستان دەڵێن هۆی لابردنی وشەی “ئێران،” خۆ دوورخستنەوەیە لە “ئێرانچییەتی” و کاتێک ڕوو دەکەنە ڕای گشتی فارسی، دەڵێن هۆیەکەی ئەوەیە کە خەڵک جیاوازی ئەوان و “هاوڕێیانی پێشوومان” بزانن، دەنا هیچ جیاوازیەکی سیاسی لە گۆڕێدا نیە.

ئەو گرووپە بەردەوام دەڵێن کە ناکرێ لە ڕووی یاساییەوە دیاری بکرێ کە کێ، حیزبی دێموکراتە و مافی ئەوەی هەیە کە ناوی” حیزبی دێموکرات” بەکار بێنێ. ئەو قسەیە، بێجگە لەوەی کە لە بنەڕەتدا قسەیەکی ئانارشیستانەیە، تەنیا بۆ ئێرانی ژێر دەسەڵاتى حکوومەتی کۆماری ئیسلامیدا دەگونجێ، چونکە حیزبی دێموکرات لەوێدا بە حیزبێکی “نایاسایی” (یان بە قسەی خۆیان “هەڵوەشاوە”) لەقەڵەم دەدرێ. به‌ڵام ئه‌گه‌ر تماشای یاسای وڵاتانی دیکه‌، به‌ تایبه‌تی وڵاتانی پێشکه‌وتوو (که‌ بزوتنه‌وه‌ی کورد به‌ گشتی وه‌کوو سه‌رچاوه‌ی ده‌نگەژە به‌کاری دێنێ) و سێناریوی ئینشعابی حیزبی دێموکرات و کێشه‌ی مافی به‌کارهێنانی ناوی ئه‌م حیزبه بخه‌ینه‌ چوارچێوه‌ی یاسای ئه‌م وڵاتانه‌، به‌ دڵنیایه‌وه‌ ئه‌وه‌مان بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه‌ که ئه‌و ئیستدلالانه‌ که‌‌ ئه‌م گرووپه‌ به‌کاری دێنن بۆ به‌کارهێنانی ناوی حیزبی دێموکرات له‌سه‌ر خۆیان ناگونجێ و ئەوان یاسایان پێشێل کردووە.

بۆ نموونه‌، لە چوارچێوەی یاسای یەکیەتی ئەورووپا و ئەمریکادا، یاسای  Trade Mark Laws دەڵێ کە شیرکەتێک یان ڕێکخراوەیەک کە خاوەنی ناو، لۆگو، سیمبۆل، ديزاین و وێنەی تایبەت بە خۆی بێ، هیچ شیرکەتێک یان ڕێکخراوەیەکی دیکە بە پێ یاسا مافی کۆپی کردن یان بەکارهێنانانیانی نیە. نموونەی شیرکەتی زۆر هەن کە هەوڵیان داوا کۆپی ناو، سیمبۆل یان ديزاینی شیرکەتی دیکە بکەن، کە سزای قورسی یاسای دراون. کۆماری ئیسلامی ئێران چەند ساڵ لەمەوپێش ماشێنی درووست دەکرد کە کۆپی ماشێنی مارکی پێژۆ (Peugeot) بوو و ئەمە بوو بە هۆی ئەوەى کە ئەم شیرکەتە بە پێی یاسا شکایەت لە ئێران بکا. نموونەی رێکخراویش هەیە کە هەوڵی لەو چەشنەیان داوە، بەڵام نموونەی هیچ حیزبێکی بەپرسیار نیە کە هەوڵی دابێ کە کۆپی ناو، لۆگو، یان سیمبۆلی حیزبێکی دیکە بکا. ‌تەنانەت ئەگەر بڕوانينە ئینشعاب لە نێو زۆر حیزبی جۆراوجۆری جیهان ، دەبینین کە ئەو لایەنانەی کە ئینشعابیان کردووە، ناو، لۆگو و سیمبۆلی تازەیان بۆ خۆیان داناوە.

هەڵبەت ئەو گرووپە که‌ له‌ حیزبی دێموکرات ئینشعابیان کردووه‌ هەوڵی زۆریان داوە کە نموونەیەک بدۆزنەوە بۆ شەرعیەتدان بەو کردارەی خۆیان. ماوەیەک دەیانگوت لە نێو ئەندامانی ئینترناسیۆنال سۆسیالیستدا دوو حیزبی وڵاتی بێلژیک هەن کە ناویان “حیزبی سۆسیالیستە”؛ کەوابوو، دەیانگوت ئەوانیش دەتوانن ناوی “حیزبی دێموکرات” لە سەر خۆیان دابنێنن. بەڵام ئەوان سەبارەت بەو دوو حیزبە بێلژیکییە،  لە دوو ڕووی گرنگەوە  چەواشەکاری دەکەن.

یەکەم، یەکێک لەو حیزبانە بە زمانی فەرانسەیی ناوی Parti Socialiste-PS و ئەوی دیکەیان بە هۆلەندی ناوی .Socialistische Partij Anders-SP.A دووهەم، حیزبە فەرانسەویى زمانەکە زیاتر ڕوو لە هاوڵاتییانی فەرانسەيى زمانی بێلژیک دەکا و حیزبە هۆلەندی زمانەکەش زیاتر ڕوو لە هاوڵاتییانی هۆلەندی زمان دەکا. ئەمە وەکوو ئەوە وایە کە حیزبێکی کوردی هەبێ کە وشەی “سۆسیالیستی” لە ناوەکەیدا هەبێ و لە هەمان کاتدا حیزبێکی فارسی هەبێ کە ئەویش وشەی “سۆسیالیست”  لە ناوەکەیدا هەبێ و هەردووکیان لە چۆارچێوەی ئێرانێکی فێدراڵدا کار بکەن، بەڵام هەرکامەیان ڕوو لە خەڵکی خۆیان بکەن. لەوانەش گرنگتر، ئەو دوو حیزبە بێلژیکییە لۆگۆ و سیمبۆلی جیاوازیان هەیە و گۆڤار و بڵاوکراوەکانیان هیچ لە یەکتر ناچن.

ئیستدلالێکی دیکە کە ئەو گرووپە دیهێننەوە بۆ رەواییه‌تدان بە راگرتنی ناوی “حیزبی دێموکرات” لە سەر خۆیان، ئەوەیە کە چەند ئەندامێکی رێبەری ئەوان پێش شۆرشی گەلانى  ئێران ئەندامی حیزب بوون لە کاتێکدا زۆربەی ئەندامانی حیزبی دیموکرات پاش شۆرش بوون بە ئەندام. بە واتایەکی دیکە، ئەو چەند کەسە خۆیان بە خاوەنی حیزبی دێموکرات دەزانن. ئەگەر بە پێی ئەو پێوەر بێ، هەر كۆمەڵێک کە تەمەنی لەسەرەوە بێ و چەند ساڵ زیاتر لە نێو ڕیکخراوەیەکدا کاری کردبێ، ئەوان دەبن بە خاوەن ئەو ڕێکخراوەیە. بەڵام حیزبی سیاسی موڵکی هیچ کەس یان گرووپێک نیە. راستییەکەی ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئەو ئیستدلالە زۆر دواکەوتوانەیە و ناکۆکە لە گەڵ لافی “پێشکەوتنخۆازانەی” ئەو گرووپە. لە هەموو حیزبێکی مۆدێرندا، لە رێگای هەڵبژاردنەوە دیاری دەکرێ کە کێ رێبەری لەو جۆرە حیزبانەدا بە دەستەوە دەگرێ. رێبەری کردن لە حیزبێکدا لە گەڵ خاوەندارێەتى دوو شتی لێك جیاوازن.

تازەترین ئیستدلالی ئەو گرووپە ئەوەیە کە دەڵێن بەکارهێنانی ناوی “حیزبی دێموکرات” لە لایەن ئەوانەوە هیچ گرفت و کێشەیەکی بۆ کەس ساز نەکردووە. راستییەکەی ئەوەیە کە بەکار هێنانی ناوی “حیزبی دێموکرات” لە لایەن ئەو گرووپەوە موشکیلەی زۆری هەم بۆ حیزبی دێموکرات و هەم بۆ خۆشیان خولقاندووە. لەم بارەوە، چەندین نموونە هەن. ئەگەر تەنیا بڕوانینە چەند مانگی ڕابردوو، دوو نموونەی بەرچاو هەن کە جێی خۆیەتی ئاماژەیان پێ بکرێ.

هەڵویستی ئەو گرووپە سەبارەت به‌ دەورەی دەیەمی هەڵبژاردنی سەرکۆماريی ئێران بووە هۆی ئەوە کە لە چەند وڵاتێکدا چەندین دۆست، حیزب و ئیدارەی دەوڵەتی پێیان وابێ کە ئەوە حیزبی دێموکراتە کە پشتیوانی خۆی بۆ  کەڕوبی دەربڕیوە. ئەمەش وای کرد کە بەرپرسانی حیزبی دێموکرات زۆر جار ناچار بن وەخت و وزەی خۆیان بۆ دڵنیاکردنەوەی ئەو لایەنانە تەرخان بكەن کە ئەوە هەڵویست و بڕیاری حیزبی دێموکرات نیە، بەڵکوو هی ئەو گرووپەیە کە ئینشعابیان کردووە.

نموونەیەکی دیکە هەر لەم پێوەندیەدا ئەوە بوو کە بە دوای ئەوەی کە وتەبێژی ئەو گرووپە لە وتووێژێکدا ڕاگەیاندبوو کە ئەوان ئامادەن بگەڕێنەوە بۆ ئێران و لە چۆارچێوەی کۆماری ئیسلامیدا کار بکەن، خه‌ریک بوو کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر کەیسی پەنابەریی چەند ئەندامێکی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی بێلژیک دابنێ. ئیدارەی پەنابەرانی بێلژیک له‌ وتووێژ له‌گه‌ڵ حیزبی دێموکراتدا ده‌یگوت هیچ هۆیەکی سیاسی نابینن بۆ دانی مافی پەنابەری بەو ئەندامانەی حیزبی دێموکرات، چونکە حیزبەکەیان ئامادەيی خۆی دەربڕیوە بۆ گەڕانەوە بۆ ئێران. حیزبی دێموکرات ناچار بوو چەندین جار شایەدی بدا بۆ ئیدارەی پەنابەرانی بلژیک کە ئەو قسانە و ئەو هەڵویستە هیچ پێوەندیەکی بە حیزبی دێموکراتەوە نیە و داوای لە وڵاتی بلژیک کرد کە هەڵوێستی ئەو گرووپە بەرانبەر بە کۆماری ئیسلامی وەکوو سەرچاوەیەک بەکارنەهێنێ لە کاتی بڕیاردان لەسەر داوای مافی پەنابەريی ئه‌ندامانی حیزبی دێموکرات.

لێرە دا ئەو پرسیارە دێتە پێشێ کە ئاخۆ حیزبی دێموکرات و ئەندامانی ئەم حیزبە بۆچی دەبێ بەرامبەر بە هەڵویست و قسەی لایەنێک کە هیچ پێوەندیەکی بەم حیزبەوە نیەبەرپرسيار بن؟

هەروها لەم دواييانەدا وتەبێژانی ئەو گرووپە گوتوویانە کە ئەوان لە کۆنگرەی خۆیان و بە دەنگی ئەندامانیان، بڕیاری پەسەندکردنی ناوی “حیزبی دێموکراتیان” داوە و بەو هۆیەوە، بڕیارەکەیان مەشروعە. بەڵام ئەوان سەرەڕای ئەوەی کە بۆ خۆیان بەشداری کۆنگرەی ١٣یان کرد و هێندیکیشان وەک ئەندامی رێبەری هەڵبژێردارن، بە ئەنجامدانی ئینشعاب، ئەویش بەو ئسلووبە، نیشانیان داوە کە هیچ بايەخێك بۆ دەنگی زۆرینە و تەنانەت دەنگی خۆشیان دانانێن، ئەگەر بێت‌و دەرکەوێ کە لە بەرژەوەندی گرووپی ئەواندا نەبێ.

حیزبی دێموکرات بە پێ خۆش بوون یان پێ ناخۆش بوون پێ لەسەر ئەوە داناگرێ که‌ ئەو بەڕێزانە دەبێ ناوی حیزبی دێموکرات له‌سه‌ر خۆیان لابه‌رن پێش ئەوەى بتوانین وەکوو حیزبێکی دۆست و هاوکار لەگەڵیان دیالۆگ و دانیشتن بکەین. پێم وایە کە بۆ هەموو کوردێک ڕوونە کە حیزبی دێموکرات نەک تەنها پێ خۆشە کێشە و گیروگرفتەکان لەگەڵ ئەو بەڕێزانە چارەسەر بکا بەڵکوو ئامادەشە کە بەرژەوەندی خۆی لە زۆر بوارەوە فیدا بکا بۆ ئەم مەبەستە. بەڵام کە دەگەڕێتەوە سەر ناوەی حیزبی دێموکرات ناچارین درێژخایەن و سیاسیانە بۆ مەسەلەکە بڕۆانين.

ئەگه‌ر حیزبی دێموکرات رۆژێک ئەو گرووپە کە ناوی “حیزبی دێموکراتیان” لە سەر خۆیان داناوە، بە رەسمی بناسێ، ئەوجا پرسیارێك زەق دەبێتەوە كه‌ ئەمەیە: کێ دەتوانێ ئەو گارانتییە بدا کە باش ساڵێک یان چەندین ساڵ، جەمعێک یان چەندین جەمعی دیکە پەیدا نابن کە ئەوانیش ناوی خۆیان بنێن “حیزبی دێموکرات” و پێ لەسەر ئەوە دابگرن کە دەبێ بە رەسمی بناسێندرێن؟ ئەوکاتە بارودۆخێکی ته‌واو ئانارشیستانە دێتە ئاراوە و هەر کەسێک یان لایەنێک (تەنانەت دوژمنیش) دەتوانێ ڕیکخراوەیەک دابمەرزێنێ بە ناوی “حیزبی دیموکراتەوە.” بە مانایەکی دیکە، ئەگەر حیزبی دێموکرات ئەو گرووپە کە ئینشعابیان کردووە بە ناوی “حیزبی دێموکراتەوە” بناسێ، زەمینە خۆش دەبێ بۆ ئەو شێوە ئانارشیزمە که‌ به‌ زه‌ره‌ری هه‌موو لایه‌ک ته‌واو ده‌بێ.

به‌شداریى یه‌كیه‌تیى لاوانى دیَمۆكراتى كوردستانى ئیَران له‌ 28ه‌مین كۆنگره‌ى IUSY

رۆژى هه‌ینى رێَكه‌وتى 26ى مارسى 2010ى زایینى، 27ه‌مین كۆنگره‌ى یه‌كیه‌تیى لاوانى نیَونه‌ته‌وه‌یى سۆسیالیست، به‌ به‌شداریى 150 ریَكخراوى ئه‌ندام، كه‌ له‌ سه‌د وڵاتى جیهانه‌وه‌ هاتبوون، له‌ ستۆكهۆڵم پایته‌ختى وڵاتى سوئید ده‌ستى پیَكرد و دواى سێ رۆژ كارى به‌رده‌وام 28ى مارس كۆتایى هات.

شاندی یه‌كیه‌تیى لاوانى دیَمۆكراتى كوردستانى ئیَران، كه‌ یه‌كیَك له‌ ئه‌ندامانى ئینته‌رناسیۆناڵى لاوانه‌، له‌ دارا ناتق سكرتیَرى گشتىء لوقمان ئه‌حمه‌دى به‌رپرسى گشتى یه‌كیه‌تیى لاوان له‌ ده‌ره‌وه‌ى وڵات پیَك هاتبوو.

له‌ یه‌كه‌مین رۆژى كۆنگره‌كه‌دا به‌شیَكى به‌رچاو له‌ به‌رپرس و نویَنه‌رانى ریَكخراوه‌ جۆراوجۆره‌كان كۆمه‌ڵیَك باسیان له‌ پیَوه‌ندیى له‌گه‌ل پرسى دیَمۆكراسى و یه‌كسانى له‌ جیهان و هه‌روه‌ها پرسى قه‌یرانى ئابوورى جیهانی، به‌تایبه‌ت له‌ وڵاته‌ دواكه‌وتووه‌كاندا، هیَنایه‌ گۆرِآ. هه‌ر له‌ میانه‌ى ئه‌و باسانه‌دا زۆر به‌ راشكاوى باسى پیَشیَل كارییه‌كانى مافى مرۆڤ له‌ ئیَراندا هاته‌به‌ر باسء، سیاسه‌ته‌كانى كۆمارى ئیسلامی له‌پیَوه‌ندیى له‌گه‌ڵ پیَشیَل كردنى مافى مرۆڤء، سه‌ركوتى گه‌لانى ئازادیخوازى ئه‌و وڵاته‌یان مه‌حكووم كردء، پشتیوانى خۆیان له‌ بزووتنه‌وه‌ى ئازادیخوازیى ئیَرانییه‌كان ده‌ربرِى.

هه‌روه‌ها هه‌ر له‌ یه‌كه‌م رۆژى كارى كۆنگره‌كه‌دا، كۆمه‌ڵیَك له‌ لاوانى ئازادیخوازى ئیَرانى، به‌ پیَشاندانى دیَكیومیَنتیَك له‌ مه‌رِ سه‌ركوتى خۆپیشانده‌رانى ئیَرانى له‌ ساڵى رابردووى هه‌تاوى له‌ لایه‌ن حكوومه‌تى ئیَرانه‌وه‌، نیَوه‌رۆكى راسته‌قینه‌ى كۆمارى ئیسلامییان زیاتر بۆ به‌شدارانى كۆنگره‌ ده‌رخست.

رۆژى دووه‌مى كاره‌كانى كۆنگره‌ ته‌رخان كرابوو بۆ باس و راویَژ له‌سه‌ر به‌رنامه‌ و كۆمه‌ڵیَك خاڵى پیَشنیارى بۆ كارى داهاتووى ئه‌م ریَكخراوه‌یه‌ و هه‌روه‌ها وه‌رگرتنى چه‌ند ریَكخراویَك وه‌ك ئه‌ندام، كه‌ له‌نیَو ئه‌و ریَكخراوانه‌شدا ریَكخراوى “یه‌كیه‌تیى خویَندكارانى دیَمۆكراتى كوردستانى ئیَران” وه‌ك ئه‌ندامى چاودیَر وه‌رگیرا.

هه‌روه‌ها برِیار بوو كه‌ ریَكخراوى لاوانى كوردى سه‌ربه‌ DTP له‌ كوردستانى توركیه‌ مافى ئه‌ندامه‌تى لیَوه‌ربگیردریَته‌وه‌، به‌ڵام دواى باسیَكى زۆر و به‌ پشتیوانى یه‌كیه‌تیى لاوانى دیَمۆكرات، برِیاره‌كه‌ هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌.

به‌شیَكى دیكه‌ى كاره‌كانى رۆژى دووه‌مى كۆنگره‌ بۆ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك و ده‌سته‌ى به‌رِیَوه‌به‌ریى نوێ بۆ ئینته‌رناسیۆناڵى جیهانیى لاوان ته‌رخان كرابوو. هه‌روه‌ها چه‌ند برِیارنامه‌یه‌كیش له‌لایه‌ن كۆنگره‌وه‌ په‌سند كران، كه‌ دوویان دژ به‌ كۆمارى ئیسلامى بوون.
هه‌ر له‌ ره‌وتى كاروباره‌كانى كۆنگره‌دا وه‌ڤدى یه‌كیه‌تیى لاوان له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵیَك ریَكخراءء كه‌سایه‌تیى جۆراوجۆر كۆبۆوه‌و له‌و چاوپیَكه‌وتننانه‌دا پرسى سیاسه‌ته‌كانى كۆمارى ئیسلامىء هه‌روه‌ها خه‌باتى روو له‌ گه‌شه‌ و به‌رده‌وامى گه‌لانى ئازادیخوازى ئیَران، به‌ تایبه‌ت گه‌لى كورد، بۆ هیَنانه‌ سه‌ركارى سیستمیَكى فیدراڵ دیَمۆكراتیك، كه‌ به‌رژه‌وه‌ندیى سه‌رجه‌م گه‌لانى ئیَران دابین بكات، باس كران. له‌ دیدارانه‌دا وه‌ڤدى یه‌كیه‌تیى لاوان ره‌وشى ناله‌بارى ژیانى لاوانى ئیَرانیان زیاتر بۆ لایه‌نه‌كانى به‌رامبه‌ر شى و روون كرده‌وه‌.

……….

برِیارنامه‌ى 27ه‌مین كۆنگره‌ى یه‌كیه‌تیى لاوانى نیَونه‌ته‌وه‌یى سۆسیالیست

له‌ پیَوه‌ندیى له‌گه‌ڵ به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ى كۆمارى ئیسلامى ئیَران
كۆمارى ئیسلامى ئیَران به‌رده‌وام هه‌وڵ بۆ به‌ده‌ستهیَنانى چه‌كى ئه‌تۆمى ده‌دا. هه‌وڵیَك كه‌ بووه‌ته‌ هۆى ئه‌وه‌كه‌ وڵاتانى دیكه‌ى رۆژهه‌ڵاتى نیَوه‌رِاستیش هه‌وڵ بۆ به‌ده‌ستهیَنانى چه‌كى ئه‌تۆمى بده‌ن. ئه‌مه‌ش مه‌ترسییه‌كى گه‌وره‌ى بۆسه‌ر وڵاتانى ناوچه‌كه‌ دروست كردووه‌. رژیمى ئیَران به‌رده‌وام برِیارنامه‌كانى ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى ریَكخراوى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌شكیَنآ، هه‌ر بۆیه‌ ریَكخراوى یه‌كیه‌تیى لاوانى نیَونه‌ته‌وه‌یى سۆسیالیست:

1ـ داوا له‌ كۆمارى ئیسلامى ئیَران ده‌كا به‌ برِیارنامه‌ى 1737ى ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى ریَكخراوى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ پابه‌ند بێ، به‌ یه‌كجاریى كۆتایى به‌ به‌رنامه‌ى پیتاندنى یورانیۆم بهیَنێ. IUSY هه‌وڵى كۆمارى ئیسلامى بۆ به‌ده‌ستهیَنانى چه‌كى ناووكیى وه‌ك هه‌رِه‌شه‌یه‌كى گه‌وره‌ بۆ سه‌ر ئاسایشى ناوچه‌ى رۆژهه‌ڵاتى ناڤینء جیهان ده‌بینێ.

2ـ داوا له‌ ئه‌ندامانى ریَكخراوى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌كا، ئه‌گه‌ر كۆمارى ئیسلامى پابه‌ند نه‌بوو به‌ برِیارنامه‌ى 1737ه‌وه‌ء دریَژه‌ى به‌ هه‌وڵه‌كانى بۆ به‌ده‌ستهیَنانى چه‌كى ئه‌تۆمى دا، به‌پیَى ئه‌و برِیارنامه‌یه‌ گه‌مارۆى زیاترى به‌سه‌ردا بسه‌پیَنن.

…………..

برِیارنامه‌ى 27ه‌مین كۆنگره‌ى یه‌كیه‌تیى لاوانى نێَونه‌ته‌وه‌یى سۆسیالیست
سه‌باره‌ت به‌ ره‌وشى مافى مرۆڤ له‌ ئیَران

1ـ یه‌كیه‌تیى لاوانى نێَونه‌ته‌وه‌یى سۆسیالیست، نیگه‌رانیى خۆى سه‌باره‌ت به‌ رووداوه‌ سیاسییه‌كانى ئیَران ده‌رده‌برِێ. هه‌روه‌ها نیگه‌رانى خۆى له‌و راستیه‌ش ده‌رده‌برِێ كه‌ حكوومه‌تى ده‌سه‌ڵاتدار له‌ ئیَران له‌رِیََى زه‌بروزه‌نگه‌وه‌ هه‌وڵ ده‌دا كه‌ ئه‌و خۆپیشانده‌رانه‌ى له‌رِیَى ئاشتیانه‌وه‌ له‌پیَناو دیَمۆكراسىدا خه‌بات ده‌كه‌ن، بیَده‌نگ بكات.

2ـ IUSY نیگه‌رانیى خۆى سه‌باره‌ت به‌ پیَشیَل كرانى له‌راده‌به‌ده‌رى مافى مرۆڤ له‌ ئیَران ده‌رده‌برِێ و هه‌موو ئه‌و كرده‌وانه‌ى كه‌ دژى جارِنامه‌ى گه‌ردوونیى مافى مرۆڤن مه‌حكووم ده‌كا.

3ـ IUSY خوازیارى ئه‌وه‌یه‌ مافى گه‌لانى بنده‌ست و كه‌مه‌ ئایینییه‌كانى ئیَران رێَزى لیَ بگیرێ. به‌تایبه‌ت گه‌لى كورد له‌ كوردستانى ئیَران كه‌ كۆمارى ئیسلامى ئیَران له‌ ماوه‌ى 30 ساڵى رابردوودا به‌شیَوه‌یه‌كى سیستماتیك و تایبه‌تى زوڵمى لیَكردووه‌.

4ـ IUSY پشتیوانى خۆى، به‌پیَى برِیارنامه‌ى 24ه‌مین كۆنگره‌ى، بۆ به‌دیهیَنانى ئێَرانیَكى دیَمۆكراتیكء فیدراڵ دووپات ده‌كاته‌وه‌.

5ـ IUSY خوازیارى ئازادكرانى هه‌موو زیندانییه‌ سیاسى و عه‌قیده‌تییه‌كان له‌ ئیَران دایه ‌و ، پشتیوانى خۆى بۆ ئه‌وانه‌ ده‌رده‌برِێ كه‌ له‌ چوارچیَوه‌ى بایه‌خه‌كانى ئینته‌رناسیۆنالى سۆسیالیست دا له‌پیَناو دیَمۆكراسى، پیَشڤه‌چوون و دادپه‌روه‌رىدا خه‌بات ده‌كه‌ن.

6ـ IUSY پشتیوانى له‌ ئه‌ندامى خۆى، یه‌كیه‌تیى لاوانى دیَمۆكراتى كوردستانى ئیَران، بۆ به‌ده‌ستهیَنانى مافى گه‌له‌كه‌یان دیَمۆكراسى، سیَكۆلاریزم و ئاشتى، ده‌كا.

ڤیدیۆ – پاشه ڕۆژی ئێران و مەسەلەی کورد

سمینارێك له‌ ژێر ناوی “كورده‌كانی ئێران: ئاوڕێك له‌ رابردوو، ئێستاو داهاتوویان” رۆژی سێ شه‌ممه‌، رێكه‌وتی 16ی مارسی 2010(25ی ره‌شه‌مه‌ی 1388)، له‌ ” ئینستیتوتی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست”دا بۆ كارۆڵ پرونهۆبر، نووسه‌ری كتێبی “خولیاو مه‌رگی ره‌حمانی كورد”، شه‌ریف بێهروز، نوێنه‌ری حیزبی دێموكراتی كورستانی ئێران‌و لێكوڵه‌ری كورد ئیدریس ئه‌حمه‌دی پێك هات.

چەند وێنەیەک لە کۆبوونەوەی شۆرای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان

وێنە لە کۆبوونەوی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ

چاوپێكه‌وتینی هه‌یه‌تێكی نوێنه‌رایه‌تیی حیزبی دێموكرات له‌گه‌ڵ به‌رپرسی پێوه‌ندییه‌ نێونه‌ته‌ویی یه‌كانی حیزبی كاری بریتانیا

كوردستان میدیا: لوقمان ئه‌حمه‌دی، نوێنه‌ری حدكا له‌ بریتانیا و كاوه‌ به‌هشتی، به‌رپرسی كۆمیته‌ی حیزب له‌م وڵاته‌ ڕۆژی 26 نوامبری 2009(6ی سه‌رماوه‌ز)، چاویان به‌ خاتوو جه‌و بیلینگهام، به‌رپرسی پێوه‌ندییه‌ نێونه‌ته‌وه‌یی یه‌كانی حیزبی كاری بریتانیا كه‌وت. نوێنه‌ری حدكاو به‌رپرسی كۆمیته‌ی حیزب له‌ بریتانیا هه‌ر له‌و ڕۆژه‌دا چاویان به‌ كه‌ریم یكدیز، به‌رپرسی یه‌كه‌می ڕێكخراوی پرۆژه‌ی مافی مرۆڤی كورد و پرانجالی ئچاریا، به‌رپرسی كۆمینیكاسیۆنی ئه‌م ڕێكخراوه‌ كه‌وت.

ته‌وه‌ره‌ی باسه‌كان له‌و دانیشتنانه‌ دا بریتی بوون له‌ :

۱.ڕه‌وشی جووڵانه‌وه‌ی خه‌ڵكی ئێران به‌گشتی و جووڵانه‌وی خه‌ڵكی كوردستانی ئێران به‌تایبه‌تی
۲.پێوه‌ندییه‌كانی وڵاتانی ڕۆژئاوایی و كۆماری ئیسلامی
۳.ڕه‌وشی مافی مرۆڤ له‌ كوردستانی ئێران
٤.هه‌ڵبژاردنی داهاتووی پارلمانی بریتانیا
۵.چۆنیه‌تیی هه‌ماهه‌نگی و هاوكاری له‌ نێو رێكخراوی ئینتێرناسێۆنال سۆسیالیستدا

به‌شداریی هه‌یئه‌تێكی حیزبی دێموكرات له‌ كۆبوونه‌وه‌ی كۆنسه‌ی ئینترناسیۆناڵ‌ سوسیالیست دا

كوردستان میدیا: هه‌یئه‌تێكی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران كه‌ پێك هاتبوو له‌ د. خوسره‌و عبدوڵایی، ئه‌ندامی جێگری كۆمیته‌ی ناوه‌ندی و نوێنه‌ری حیزب له‌ ئینته‌رناتسیۆنالی سۆسیالیست، لوقمان ئه‌حمه‌دی، ڕاوێژكاری كۆمیته‌ی ناوه‌ندی و نوێنه‌ری حیزب له‌ بریتانیاو په‌روانه‌ حه‌یده‌ری، ڕاوێژكاری كۆمیته‌ی ناوه‌ندی و نوێنه‌ری حیزب له‌ سوئێد له‌ كۆبوونه‌وه‌ی كۆنسه‌ی ئینترناسیۆناڵ‌ سوسیالیست دا كه‌ له‌ ڕۆژانی ۲۳ و ۲٤ی نوامبه‌ر له‌ شاری سانتۆ دۆمینگۆ ی پایته‌ختی كۆماری دومینیكان به‌ڕێوه‌ چوو، به‌شداریان كرد. له‌ رۆژی دووهه‌می كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، خوسره‌و عه‌بدوڵڵا، وتارێكی له‌سه‌ر ره‌وشی ئێران پێشكه‌ش كرد.

 

له‌ ره‌وتی كاره‌كانی كۆبووه‌نه‌وه‌كه‌دا له‌سه‌ر داوای حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران و پشتیوانیی چه‌ند لایه‌نێكی دیكه‌، بریارنامه‌یه‌ك له‌سه‌ر ئێران په‌سند كرا. له‌ ماوه‌ی ئه‌م دوو ڕۆژه‌ دا، هه‌یئه‌تی حیزبی دێموكرات چاوپێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵ چه‌ندین هه‌یئه‌تی نوێنه‌رایه‌تیی حیزب و ڕێكخراوی ئه‌ندام له‌ ئینترناسیۆنال سوسیالیست دا هه‌بوو، ئه‌م هه‌یئه‌تانه‌ بریتی بوون له‌ نوێنه‌رانی ئاڵمان، فه‌ڕانسه‌، سوئێد، نوروێژ، هۆله‌ند، فه‌له‌ستین، مسر، ئه‌لجه‌زایر و سه‌رۆك و سكرتێری سوسیالیست ئینترناسیۆناڵی ژنان. به‌رنامه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌و شێوه‌یه‌ بوو:

ڕۆژی یه‌كه‌م:

كۆبوونه‌وه‌ی كۆنسه‌ی ئینترناسیۆنال سوسیالیست به‌ وتاری سه‌رۆكی حیزبی شۆڕشگێری دۆمینیكان میگێل ڤێرگاس و سه‌رۆك وه‌زیرانی یونان و سه‌رۆكی ئینترناسیۆنالی سوسیالیست جۆرج پاپاندرێو كرایه‌وه‌.

مژاره‌كانی سه‌ره‌كی رۆژی یه‌كه‌م بریتی بوون له‌:
۱. باس و لێكدانه‌وه‌ له‌سه‌ر رێگای پێشڤه‌چوونی سۆسیال دێموكراسی. له‌و به‌شه‌دا به‌شداربووانی كۆنسه‌ بیروراو و روانگه‌ی خۆیان سه‌باره‌ت به‌ داهاتووی ئینترناتسیۆنال سۆسیالیست و سۆسیالیزمی دێموكراتیك هێنایه‌ به‌ر باس.

۲. باس له‌ په‌یماننامه‌ی كۆپێنهاگن و چۆنیه‌تیی پاراستنی ژینگه‌ی جیهان.
۳. باس له‌سه‌ر ڕێگاكانی نه‌هێشتنی ناعه‌داڵه‌تی، بێكاری و هه‌ژاری له‌ جیهان دا.
٤. باس و لێكدانه‌وه‌ له‌سه‌ر رۆڵی ئینترناسیۆنال سۆسیالیست بۆ نه‌مانی چه‌كی ناوكی‌ له‌ جیهان دا.

 

ڕۆژی دووهه‌م:
باسی سه‌ره‌كیی ڕۆژی دووهه‌م بریتی بوو له‌ باسێك له‌سه‌ر پاراستنی دێموكراسی و پارێزگاری له‌ مافی مرۆڤ. له‌م به‌شه‌دا د. خوسره‌و عه‌بدوڵایی وتارێكی پێشكه‌ش كرد له‌سه‌ر ڕه‌وشی ئێران و پێشێلكارییه‌كانی مافی مرۆڤ و مافی گه‌لانی ئێران به‌ گشتی و گه‌لی كورد به‌ تایبه‌تی.
له‌ هه‌مان ڕۆژ دا كۆنسه‌ بڕیارنامه‌یه‌كی، له‌سه‌ر داخوازیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران و به‌ پشتیوانی چه‌ند لایه‌نێكی دیكه‌، له‌سه‌ر ئێران په‌سند كرد.
به‌شێكی دیكه‌ له‌ كاری ئه‌م ڕۆژه‌ ته‌رخان كرابوو بۆ پرۆسه‌كانی دیكه‌ی ئینترناسیۆناڵ‌، وه‌كوو پرسی ماڵی، ڕاپۆرتی سكرتێری گشتی و وتاری كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌ لایه‌ن سه‌رۆكی ئنترناسیۆناڵه‌وه‌ خوێندرایه‌وه‌.